ئەم توێژینەوەیە شیکارییەکی بەراوردکاری بۆ هۆشیاریی کولتووری و سیاسیی کورد ئەنجام دەدات، بە تەرکیزکردنێکی تایبەت لەسەر جیاوازی نێوان ئازادییە کولتوورییە سیمبۆلییەکان و داواکارییە سیاسییە جەوهەرییەکان. هەرچەندە نیشانە کولتوورییەکانی وەک هەڵپەڕکێی نەریتی، جلوبەرگ و زمان زۆرجار وەک پێوەرەکانی ئازادی ئاهەنگیان بۆ دەگێڕدرێت، بەڵام لە هەندێک چوارچێوەدا رەنگە وەک جێگرەوەی مافە سیاسییە راستەقینەکان نیشان بدرێن یان تێبگەیهندرێن. لە رێگەی هەڵسەنگاندنی هۆشیاریی بابەتی (objective) و هۆشیاریی هەستپێکراو (perceived)، توێژینەوەکە هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لەوە بکات کۆمەڵگەی کوردی بە چ رادەیەک جیاوازی دەکات لە نێوان دانپێدانانی کولتووری و مافی چارەی خۆنووسین، کە لێرەدا بەتەنها وەک “سەربەخۆیی” پێناسەکراوە و بەراورد دەکرێت بە فۆرمەکانی وەک فیدراڵیزم یان ئۆتۆنۆمی.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا جێگیر کراوە کە تێیدا کورد بۆ چەندین دەیە رووبەڕووی بەرنامەی سیستماتیکی تواندنەوە (Assimilation) بووەتەوە لە بوارەکانی زمان، کولتوور، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا — ئەو بەرنامانەی کە بە ئەنقەست بۆ لاوازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و جێگرتنەوەی بە ناسنامەی سەپێندراوی دەوڵەت داڕێژراون. لە بارودۆخێکی وەهادا، سازشە کولتوورییە رووکەشییەکان و تەنانەت چوارچێوە نیمچە-سیاسییەکانی وەک فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی، یان مۆدێلە سنووردارەکانی دیکەی حوکمڕانیی هەرێمی، رەنگە وەک ئامرازی رەواییدان خزمەت بکەن بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانی تواندنەوە، لە کاتێکدا داواکاریی بنەڕەتی بۆ سەربەخۆیی پەراوێز دەخرێت.
لە ناوکی شیکاریی ئەم پڕۆژەیەدا، هەڵسەنگاندنێک بۆ “وۆکیزم” (Woke-ism) هەیە، کە لێرەدا وەک چوارچێوەیەک پێناسە کراوە کە ئازادییە کولتوورییەکان و رێکخستنە سیاسییە سنووردارەکان وەک فۆرمێک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وێنا دەکات، بەڵام لە کردەدا رەنگە لۆژیکی تواندنەوە بەهێزتر بکات و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی پشتگوێ بخات. بە بەکارهێنانی رێگاکانی راپرسی، دیزاینە تاقیکارییەکان (لەوانەش تاقیکردنەوەکانی لیست و پەسەندکردن)، و پێوەرەکانی هەڵوێست و رەفتار، ئەم توێژینەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ قوڵایی “وۆکیزم” لەناو گوتاری کوردیدا دەکات، هەروەها کاریگەرییەکەی لەسەر هاوسەنگی نێوان دانپێدانانی کولتووری و داواکاری بۆ سەربەخۆیی. چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکان بەشداری بکەن هەم لە خوێندنە کوردییەکان و هەم لە گفتوگۆ ئەکادیمییە فراوانەکان دەربارەی سیاسەتی ناسنامە، مافە کولتوورییەکان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکانی تواندنەوەی دەوڵەت.











