ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لە رەهەندە زمانەوانی و سیاسییەکانی سیاسەتەکانی تواندنەوەی سیستماتیک لە کوردستان بکات. بۆ چەندین دەیە، ئەو سیاسەتانەی لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە سەپێنراون، بوونەتە هۆی سەرکوتکردنی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا — لە پەروەردە و میدیاوە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت — و کاریگەریی قووڵیان لەسەر ناسنامەی بەکۆمەڵی کورد و ئاسۆ سیاسییەکان جێهێشتووە. باڵادەستیی زمانی تەنها زمانی دایک سنووردار ناکات، بەڵکو ناسنامەیەکی جێگرەوە دروست دەکات لە ڕێگەی سەپاندنی زمانی باڵادەستەوە. بیرکردنەوە لە چوارچێوەی “زمانی باڵادەست“ـدا نیشانەی داڕمانی ناسنامەی کوردی و مردنی سەروەری و سەربەخۆییە. لە هەمان کاتدا، ئەو “مۆڵەت”ـە سنووردار و بە وردی کۆنترۆڵکراوەی بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی دراوە، وەک میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییە سیاسییەکان و بەهێزکردنی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە داگیرکەرەکان کاری کردووە.
لە ڕێگەی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە ئەزموونکراوەکانەوە، ئەم توێژینەوەیە ئامانجی ئەوەیە دۆخی ئێستای زمانی کوردی لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەربخات — لە ماڵ و قوتابخانەوە بۆ بازاڕ، میدیا و بواری دیجیتاڵی. تەرکیزێکی تایبەت دەخرێتە سەر گواستنەوەی زمانی نێوان نەوەکان (Intergenerational transmission)، بۆ ئەوەی دەربخرێت کە تا چەند و بە چ شێوازێک سیاسەتە زمانییەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و پێناسەکردنەوەی خواستە سیاسییەکانی کورد — لە سەربەخۆییەوە بۆ شێوازە مامناوەندەکانی حوکمڕانی وەک ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵیزم. ئەم توێژینەوەیە کە لە چوارچێوەکانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیی سیاسیدا جێگیر کراوە، شیکارییەکی ڕەخنەیی بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان زمان، ناسنامە و بونیادنانی نەتەوە دابین دەکات.











