ئەم توێژینەوەیەی داهاتوو، لێکۆڵینەوە لە باڵادەستیی سیاسی-کولتووری و کاریگەریی لەسەر شۆناسی تاک و بەکۆمەڵ لە کوردستان دەکات. باڵادەستی تەنها لە پێکهاتە فەرمییەکاندا رەنگ ناداتەوە، بەڵکوو لە کار و کردە رۆژانەییەکانیشدا دەردەکەوێت. لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێک کەسێکی فارس لە دارێک کەوتە خوارەوە، هەندێک لە ئامادەبووان دارەکەیان تۆمەتبار کرد و بڕییانەوە؛ بەڵام ئەگەر کەسەکە کورد بوایە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لۆمەکە ئاراستەی خودی کەسەکە دەکرا نەک دارەکە. ئەم رووداوە راستەقینەیە نیشانی دەدات کە چۆن باڵادەستی سەرلەنوێ پەیڕەوەکانیی بەھادانان (Valuation) و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی دادەڕێژێتەوە، و هەستی ژێردەستەیی (Subordination) بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە کۆکردنەوە و شیکاریی زانیاریی ئەزموونکراوو (داتای مەیدانی) (Empirical data) بە مەبەستی دابینکردنی چوارچێوەیەکی ئەکادیمی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان باڵادەستی، شۆناس و بونیادنانی نەتەوەیە — چوارچێوەیەک کە بەشداری لە گەشەپێدانی تیۆریدا دەکات و لە هەمان کاتدا چۆنییەتیی بەرگری و یەکگرتوویی (Cohesion) لەژێر سێبەری باڵادەستیدا روون دەکاتەوە.










